نەورۆز لە پەکەکەدا لەگەڵ ڕۆحی بەرخۆدان ئاوێتە بوویەوە

بۆتان گەرمیانی

جەژنی نەورۆزی کوردەواری، یەکەم ڕۆژی ساڵنامەی کوردی و مانگی خاکەلێوە، جەژنێک لە هەناوی سرووشتەوە، کە نوێبوون، ژیانەوە، بەرخۆدان و چەندین واتای دیکەی لەخۆیدا ڕەنگڕێژ کردووە، ئەم جەژنە لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی پەکەکەوە، وەرچەرخا بۆ سەر ڕیشە مێژووییەکەی خۆی و لەگەڵ ڕۆحی ژیانەوە و بەرخۆداندا یەکانگیر بوو.

نەورۆز پاشماوەى بیروباوەڕێکی ئاینی گەلانی زاگرۆسە، ئەم جەژنە تەواو گرێدراوی بارگۆڕانی سرووشتە، شۆڕشی بەهارە بەسەر زستانی سەختدا و نوێبوونەوەی سرووشتە.

جەژنی نەورۆز لەلایەن دەوڵەت-نەتەوە و ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکەوە زۆرترین شێواندن لەبارەی ڕیشە و ناسنامەکەیەوە کراوە، مێژووی ئەم جەژنە نە سەرچاوەکەى فارسییە و نە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵکو سەرچاوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگای سروشتی و بارهاتووی بیروبڕوای زیندووگەرایی “ئانیمیزمە”.

ڕیشەدۆزی نەورۆز

پیرۆزکردنی نەورۆز وەک جەژن، دەگەڕێتەوە بۆ باوانە کوردەکانمان لە کەوانەی زاگرۆس، گەلان و شارستانییەتە جیاوازەکانی ناوچەکەش وەریانگرتووە و ئەم جەژنەیان بە ناو و ڕێوڕەسمی جیاواز پیرۆزکردووە.

جەژنی نەورۆز لای سۆمەرییەکان

نەورۆز لە داستانی دەموزیی و ئینانای سۆمەریدا دەبینرێت، کە دواتر لای ئاشوورییەکان بە تەمووز و عەشتار ناودێر دەکرێت، ئەم داستانەش بۆ باپیرانی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە پێش چوونە خوارەوەیان بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق لە هەزارەی پێنجەم و چوارەمی پێش زاین.

سۆمەرییەکان ئەم ڕێوڕەسمەیان هەر لە یەکی نەورزۆی ئەمڕۆدا گێڕاوە و سەری ساڵی سۆمەرییەکان بووە، ئەمە  وادەکات شوێنەوارناسێکی وەک هێنری فرانکفۆرت، کاتێ لە ١٩٣٠، یادکردنەوەى نەورۆز لای کوردان دەبینێت، ناوی بنێت جەژنی تەمووز لە کوردستان.

ئەم جەژنە مێژووەکەی بۆ کشتوکاڵی ئەشکەوت دەگەڕێتەوە، کە دوانەی تاریکیی و ڕووناکیی زستان و بەهاریی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە بەپێی شارەزایان، مێژووی ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ تا ١٢ هەزار ساڵ پ، ز، ئەمەش سەرنجمان دەبات بۆ ئەشکەوتی شانەدەر و هەزارمێرد و زەرزی.

١ی نەورۆز هەمان سەری ساڵ، واتە ١ی ١ی سۆمەرییەکانە، کە ناوی جەژنی زەگمەگی سۆمەرییە، هەولێر یەکەمین شارە پەرەستگای عەشتاری لێ درووست کراوە و ساڵانە جەژنی نەورۆزی لێ پیرۆز کراوە، ئەم جەژنە لە میتۆلۆژیای سۆمەرییەکاندا بە واتای زیندووبوونەوەى دەموزییە لە داستانی دەموزیی و ئینانا، کە دواتار لە کەلتووری ئاشووریدا ناوەکەی گۆڕا بۆ تەمووز و عەشتار.

کەسایەتی ئەفسانەیی کاوە کێیە؟

لێکۆڵەری بواری مێژوو و ئەفسانە ماجید عەبدوڵا ئەلشەمس لەمەڕ کەسایەتی “کاوە”وە پێی وایە، کەسایەتیی کاوەى ئاسنگەری نێو ئەفسانەکان، لە دەقی بزمارییدا بە شێوەی (کیبیل، کیروو، کابی، کاوی و کابیان) هاتووە، کە خواوەندی تواندنەوەى ئاسنە، بەمشێوەیە پێناسەکراوە، “ئەوەی ڕووناکی دەخستە جێی تاریکیی و داوی دزەکانی هەڵوەدەشانەوە و مەعدەنی دەتواندەوە”، مێژووەکەشی بۆ ٤٣٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، تا ئەمڕۆش کارەکتەری کاوە سیمبولی سەرهەڵدانی ژێردەستانە بەسەر ستەمکاردا.

نەورۆزی کوردان لای گەلانی تر

ئەمڕۆ لەلایەن چەندین نەتەوە و گەلی دیکەوە، وەکو (فارس، تاجیک، ئەفغان، بەلوچ و ئازەر) بە کردنەوەی ئاگر و ڕێوڕەسمی جۆراجۆر نەورۆز پیرۆز دەکرێت، بەڵام هیچ گەل و نەتەوەیەک وەک کورد خاوەندارێتیی لەم جەژنە نەکردووە و گەلی کورد لە دێرزەمانەوە وەکو جەژنێکی نەتەوەیی و سەری ساڵی کوردیی جەژنی نەورۆزی پیرۆزکردووە.

کۆبوونەوەی ملیۆنی کوردان لە مەیدانەکانی نەورۆزدا، سەرنجی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشاوە و ئەمەش وایکرد، ڕێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٦٤مین کۆبوونەوەی خۆیدا لە ساڵی ٢٠١٠، جەژنی نەورۆز وەکو جەژنێکی فەرمی لە جیهاندا لەقەڵەم بدات و لە بەندی ٤٩ی بڕیارەکەشدا وەکو جەژنی نەتەوەیی کورد ناساندوویەتی.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، جەژنی نەتەوەیی نەورۆز دەگەڕێنێتەوە سەر ڕیشە مێژووییەکەی خۆی و  لەسەر ئەم بنەمایەش پەکەکە وەک پارتی نەورۆز دادەمەزرێنێت، لەم بارەیەوە دەڵێت: دەتوانن نەورۆز بکەنە نزیکترین ڕۆژ لە ڕزگارییەوە، ئێمە لە کەسایەتیی خۆماندا ئەوەمان چەسپاند.

لەسەر ئەم بنەمایەش، پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەی وەک پارتی نەورۆز دامەزراند، لە نەورۆزی ساڵی ١٩٧٣دا، یەکەمین گرووپی ئاپۆیی کە بناغەی دامەزراندنی پەکەکەیان داڕشت، لە کەناراوەکانی بەنداوی چوبووک لە ئەنقەرە، یەکەم کۆبوونەوەیان کرد، ئەم تەڤگەرە ٥٠ ساڵە بە تێکۆشانێکی بێ وێنە و دووبارە نەبوو، ڕۆحی نەورۆز جۆش دەدات، لەدژی ستەم و داگیرکاریی.

وەک چۆن لە دێر زەماندا گەلانی کەوانەی زاگرۆس، لەسەر لوتکەی چیاکانی کوردستان و لە دەشت و بەستێنی ڕووبارەکاندا جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکردووە و وەک هێمای نوێبوون و ژیانەوە و ڕزگاریی چاویان لێکردووە، ئەمڕۆش بەهەزاران لاو و کیژی کورد، لە لوتکە و زنار و داوێنی چیای زاگرۆسدا، بە ڕۆحی ئەفسانەیی کاوەوە، بەدەستێک مەشخەڵی ئاگری نەورۆز و بەدەستێکی تر چەکی بەرخۆدانیان هەڵگرتووە، دژی زۆردار و ستەمکارەکانی سەردەم لە جەنگ و بەرخۆدان دان.

هـ. ح

 

Comments are closed.